..

..


قاسم سلیمانی قربانی سیاستی که خود آن را معماری کرد


پاش چەند ڕۆژ هات و هاواری تەبلیغاتی و خۆ مەزلووم کردن و نومایشی سەرشەقامی ناشتنی تەرمی قاسم سولەیمانی و چەند کەسێکیتر کە بەهۆی هێرشی پەهبادی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران، ئەو شەپۆلە هێشتا ئارام نەبووەتەوە. ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگی بەفرانبار بەرابەر لەگەڵ ٧ی ژانویه لە جەریانی ڕێوڕەسمی ناتەواوی ناشتنی قاسم سولەیمانی و ئەندامێکی سپای قۆدس لە کرمان، بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێ “ئیزدحامی جەمعیەت” پتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەست دا و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند شاری ئێران و عێراق بوون بە دیمەنی شانۆی گەڕاندنی تابووتەکان و جەمعیەتێکی زۆر کە هاواری تۆڵەکردنەوەیان دەکرد. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، سپای پاسداران و باقیی دەزگا ئەمنیەکانی دیکە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەو کەمپەینە کۆنەپەرستانە و سیاسی-تەبلیغیە، وەها هێز و هەزینەیەکیان خستە گەڕ کە دەتوت دەمێکە چاوەڕوانی وەها دەرفەتێکن. سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیان ڕاگەیاند. هەموو ئیدارەکانی دەوڵەتی و بەشی خسووسی و مەدرەسە و زانکۆکانیان تەعتیل کرد تا بە پێی نەخشەی داڕێژراو، لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکاندا بەشداری بکەن. کۆمیتەی بەسیجیان لە گەڕەکەکان ڕێکخست تا کاروانی ئۆتۆبووسی پڕ لە جەمعیەت بۆ ڕەونەق بەخشین بە شانۆی سەرشەقام، ڕەوانەی تاران و قۆم و مەشهەد و کرمان بکەن. لەو چەند ڕۆژەدا هەموو کاناڵە تلویزیۆنیەکان، ڕۆژنامەکان و باقی میدیاکانی حکوومەت مەئموور کران کە لە ڕێگەی هان دانی دەمارگرژیی ئایینی و هەستی کوێری ناسیۆنالیستی، ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵک لەو کەمپەینە سیاسی و تەبلیغیە وەردەن.

لەو چەند ساڵەدا و بەتایبەت لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دەزگا تەبلیغیەکانی ڕژیم بە هەر ئەندازەیەک کە قاسم سۆلەیمانیان گەورە کردەوە و کردیان بە ئەفسانە، هەر بەو ئەندازەیەش کوژرانی ئەویان بۆ کۆماری ئیسلامی کارەساتبارتر و دراماتیزەتر نیشان دا. لە ڕاستیدا، بەدەر لەو داستانە خەیاڵیانەی کە سەرانی ڕژیم سەبارەت بە قاسم سولەیمانی دەیگێڕنەوە، سیاسەتی ستراتێژک و تێزی “هێرشی بەرگرانە” یان “شەڕی پێشگرانە” کە زیاتر بەناوی قاسم سولەیمانیەوە، وەک یەکێک لە ئەندامانی کادری ڕێبەری سپای پاسداران، پێناسە دەکرا، بە کۆتایی خۆی گەیشتووە. قاسم سولەیمانی چەندین جار وتبووی کە ئەگەر دەمانهەوێ ئەمنیەتی خورەمشار، تاران و قۆم زەمانەت کەین، دەبێ لە لۆبنان و سووریە و عێراق بەشەڕ بێین. ئەو ستراتێژە ناوچەییە بەهۆی ئامانجە کۆنەپەرستانەکەی، مەحکووم بە شکست بوو. بەڵام نیشانەکانی ئەو شکستەش کاتێک وەدەر کەوتن کە قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری ئێران، ئابووری ئەو وڵاتەی تا سەر لێواری داڕمان برد. باروودۆخی قەیراناویی ئابووری ئێران لەگەڵ بەرزەفڕی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، یەکی نەدەگرتەوە. ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە لە لۆبنان و عێراق بە ئاراستەی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ڕەوتی شکست هێنان بە ستراتێژی “هێرشی بەرگرانە” و کوژرانی قاسم سولەیمانیش تەنیا خاڵێک لەو ڕەوتە بێ گەڕانەوەیە بوو.

ستراتێژی “شەڕی پێشگرانە”ی کۆماری ئیسلامی کە قاسم سولەیمانی یەکێک لە داڕێژەرانی بوو، دواهاتی زۆر ماڵ وێرانکەری بۆ خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. لەوەش کارەساتبارتر ئەوەیە کە لە ڕوانگەی ناسیۆنالیسمی کورت بین و دەمارگرژی ئێرانیەوە چاو لەو سیاسەتە ماڵ وێرانکەرە بکەین و ببینە هێزی پاشکەوتی ئیسلامی شیعە و خۆفریوانە قاسم سولەیمانی، واتە سیمبۆلی زێدەخوازی کۆماری ئیسلامی، بکەیەنە قارەمانی میللی. قاسم سولەیمانی قارەمانی میللی نییە، ئەو لە سووریە بۆ لەسەر پێ ڕاگرتنی ڕژیمی جەنایەکاری ئەسەد، یەکێک لە هەڵگیرسێنەرانی شەڕ و قەیران بووە لەم وڵاتە و بەهۆیەوە ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و بەدەیان شار و گوندیش لەناوچوون.

قاسم سولەیمانی قارەمانی شەڕ لەگەڵ داعش نەبوو. دوای لەشکر کێشی ئەمریکا بۆ عێراق، سیاسەت و کردەوە و دەخاڵەتگەریی لقی دەرەوەی سنووری سپای پاسداران بە فەرماندەیی ئەو لە عێراق و سووریە، یەکێک لەو هۆکار و فاکتۆرانە بوو کە بواری بۆ سەرهەڵدانی داعش و پەرەسەندنی چالاکیەکانیان خۆش کرد. قاسم سولەیمانی بۆ ماوەی ١٥ ساڵ خەریکی ڕێکخستنی میلیشیای شیعەی عێراقی بوو. ئەو دەستی کرد بە بەکرێگراو پەروەری و لە ئێستادا حەشدی شەعبی وەک یەکێک لە لقەکانی سپای پاسداران چالاکی دەکات. قاسم سولەیمانی بەو ئەزموونەی کە هەیبوو، لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی عێراقدا ڕۆڵی سەرەکیی دەبینی. سولەیمانی هەر ئەو ئەزموونەشی بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی لە ئاخێزی مانگی خەزەڵوەردا بەکار هێنا. هەر لە یەکەمین ساتەکانەوە گوللەیان بەسەر سەر و سینگی لاواندا باراند تا پێش لە کۆبوونەوەکانیان بگرن.

کۆماری ئیسلامی لەو کاتەوە کە ڕێکخراوی سیاسی نیزامی “حیزبوڵڵا”ی لە لوبنان پێکهێناوە، بەشێک لە سەروەت و سامانی گشتیی خەڵکی ئێران و دەستڕەنجی کرێکارانی ئەو وڵاتەی دەرخواردی ئەو ڕەوتە داوە و بەردەوام وەک ئامرازی گوشار لە کێبەرکێی ناوچەیی دژبە ئیسرائیل و نفووزی عەرەبستان و وەک ئامرازی دەست درێژی کردن بۆسەر بەرژەوەندی ئامریکا و ناسەقامگیر کردنی وڵاتی لوبنان، کەڵکی لێ وەرگرتووە.

داڕێژەرانی “هێرشی بەرگرانە” لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بزووەتنەوەی فەلەستینیشدا، حەماس و جەهادی ئیسلامی و باقی گرووپە ئیسلامیەکانیان هانداوه‌ تا ئەوان بە هاویشتنی مووشکەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر چنگی ئیسرائیل، بیانوو بدەنە دەست ئەو دەوڵەتە نەژاد پەرەستە و بەدەستی ئاواڵەترەوە درێژە بە کوشتاری خەڵکی فەلەستین و داگیرکارییەکانی بدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن و ئەفغانستان و بەحرەینیش کارنامەیەکی لەوە ڕەنگینتری نییە. دواهاتی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی بۆوەتە هۆی ئەوەیکە وڵاتانی بەشی کەنداو ببنە ئەنباری چەک و چۆڵی ئەمریکا و داهاتە نەوتیەکانیان لە لایەن ئامریکا و باقی دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە بەتاڵان ببردرێ.

هات و هاواری تەبلیغاتی و شانۆی سەرشەقام و قارەمان تاشین لە قاسم سولەیمانی ئەگەرچی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەرەشە جەنگیەکانی ئەمریکا کەوتووەتە ڕێ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕژیم بەو کارەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران و ئاخێزی شۆڕشگێڕانە خەڵکی عێراقی کردووەتە ئامانج. تا پێش کوژرانی قاسم سولەیمانی ڕژیم کەوتبووە ژێر گوشاری بزووتنەوەی دادخوازی دژبە جەنایاتێک کە لە جەریانی ئاخێزی شۆڕگێڕانەی مانگی خەزەڵوەردا ئەنجامی دابوو. ڕژیم هێستاش لە ڕاگەیاندنی ناسنامە و ئامارێکی ورد سەبارەت بە قوربانیانی ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر کە بە پێی ڕاپۆرتەکان پتر لە ١٥٠٠ کەسن، خۆدەدزێتەوە. هێستاش چارەنووسی پتر لە ٧ هەزار کەس لە دەستبەسەرکراوان هەروا نادیارە. کۆماری ئیسلامی بە شانۆی قیزەونی گەڕاندنی تەرمەکان، دەیهەوێ ئاخێزی مانگی خەزەڵوەر لە بیر و زەینی خەڵکدا بسڕێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە عێراقیش بە تەمایە بۆ بەلاڕێدا بردن و دامرکاندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، ئەو وڵاتە بکاتە گۆڕەپانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕەوتی شیعەکان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا.

بەڵام ئەم شەپۆلەش دەخەوێتەوە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە هاندانی دەمارگرژیی ئایینی و پەرەپێدان بە هەستی کوێری ناسیۆنالیستی، پاشەکشە بە بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی بکات. ئەگەرچی هات و هاواری تەبلیغاتی و شانۆی تابووتەکان و فکر و باوەڕە پڕتووکاوەکان نیشانەی بەرچاوی لەخۆبێگانە بوونن، بەڵام بزووتنەوەی نان و کار و ئازادی ڕیشەی لە حەقیقەتە مادیەکان دایە. بێ گومان هەژاران و بێبەشان پڕ بە گەڕووی تینووی ئازادییەوە، هەموو ڕۆژێک ئەو پێداویستیە بەرحەقانەی ژیان هاوار دەکەن.

 


Report Page