🌕 کەمن ئەوانەی لە سەلمان ڕوشدی تێ گەیشتبێتن

🌕 کەمن ئەوانەی لە سەلمان ڕوشدی تێ گەیشتبێتن



✍️: شاسوار هەرشامی


سەلمان ڕوشدی، تەنیا و تەنیا بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی "ئایاتی شەیتانی" لە دنیای ئیسلامدا، وەک فیگورێکی دژە ئیسلام ناسێندرا، کە بەهۆکاری نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتن، سەدان هەزار نیمچەخوێندەوار و ئەو خوێندەوارانەش کە ناخوێننەوە، هەروا تێگەیشتوون کە ڕۆمانەکە دژی ئیسلام نوسراوە. 

چیرۆکی ئایاتی شەیتانی، زووتر و بۆ پێش ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە. ڕوشدی، یەکەمین جار ڕۆمانی "منداڵەکانی نیوەشەو"ی بڵاو کردەوە، لەو ڕۆمانەدا ئاماژە بە شەوی لەدایکبوونی خۆی لە شاری زەبەللاحی "مۆمبای" دەکات، کە هاوکات بووە لەگەڵ شەوی سەربەخۆییی هیندستان. لەو ڕۆمانەدا، ڕوشدی، پەلاماری توند دەباتە سەر "خاتوو ئەندێرا گاندی"، کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو، سەرۆکی حکوومەتی هیندستان بووە. ڕۆمانەکە لە هیندستان قەدەغە کرا، بەڵام لە پاکستان و ئێران بازاڕی باشی هەبوو. 

دوای ئەمە، ڕۆمانی "شەرمـ"ـی بڵاو کردەوە، کە پەلامار دەباتە سەر کۆمەڵگەی پاکستان، لە کاتێکدا دایک و باوکی خۆی، تەنیا بە هۆی ئەوەی موسڵمان بوون، بە ناچاری هیندستانیان بەجێ هێشتبوو و ببوونە پاکستانی. ئەو لەو ڕۆمانەدا، زولفەقار عەلی بۆتۆ و کچەکەی کردووەتە پاڵەوانی ڕووداوەکان. تەنانەت بە "بێنەزیر بۆتۆ"ی سەرۆکی ئەو کاتی حکوومەتی پاکستان وتوویەت: ژنە دەرپێ ئاسنەکە. ڕۆمانەکە لە پاکستان قەدەغە کرا، بەڵام لە هیندستان و ئێران، بازاڕی باشی هەبوو. تەنانەت دوای ئەمە، سەلمان ڕوشدی، خەڵاتی باشترین کتێبی ساڵی وەرگێڕدراوی لە ئێران پێ درا. 

ئیدی دوای ئەم دوو ڕۆمانە، ڕۆمانی "ئایاتی شەیتانی" لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی، بڵاو کرایەوە. باشە دوای هیندستان و پاکستان، نۆرەی کامە دەوڵەت دێت؟ ڕۆمانەکە باسی دوو پاڵەوانی زۆر ناسراوی (بۆلیود) دەکات، کە ڕۆڵی خودا زۆرەکانی هیندییان دەبینی. دوو پاڵەوانەکە لە گەشتێکیان بۆ ئینگلستان، فڕۆکەکەیان لەسەر لەندەن دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام ئەوان نامرن. ئیدی دوای ئەوە دەکەونە تەڵەی کێشە نەبڕاوەکانی نووسینگەی کۆچبەران و گشت ڕووداوەکانی دی ناو ڕۆمانەکە لێرەوە دەست پێ دەکات. 

خودی ناوی ڕۆمانەکەش (ئایاتی شەیتانی)، ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی دیاری ئیسلامبوونی ئیمام عومەر و گلەییکردنی لە ئایەتێک کە پەسنی بۆتەکانی کەعبە دەکات. پێغەمبەریش دەڵێت ئەمە شەیتان بووە و لە شێوەی جوبرەئیل، ئەم ئایەتەی بۆ هێناوم و لایدەدەم (تلك الغرانيق العلى وشفاعتهن ترتجى). ئەم بابەتە لە کتێبە کۆنەکانی ئیسلامدا هاتووە و هەموو مەلاکانیش دەیزانن. 

جا خۆشییەکەی ئەوە بوو، کە ڕۆژنامەی "کیهانـ"ـی تارانی، وەرگێڕدراوی فارسیی ئەم ڕۆمانەی بە زنجیرە بڵاو دەکردەوە و هیچ سانسۆرێکیشی لەسەر نەبوو، چونکە دەستەڵاتدارانی ئاخوندیی ئێران، لە دوو ڕۆمانەکەی تری "ڕوشدی" زۆر ڕازی بوون. ئەمە هەروا ڕۆیشت تا وەرگێڕانەکە گەیشتە ئەم بەشەی کە ناوی "عائیشە"یە. لێرەدا هەرایەکە دەستی پێ کرد.

دیارە هەر خودی ناوی عائیشە لە فەرهەنگی شیعەدا، قێزەونە و بە دژە عەلی و سەرکردایەتیکردنی جەنگی "جەمەل" دژی عەلی ناسراوە و سەدان ناو و ناتۆرەیان بۆی دروست کردووە. جا بەئەنقەست و ڕێک لەژێر ئەم ناوەشدا، ڕوشدی بەبێ ناوهێنان و هەر بە ئیمام ناوبردن، دەکەوێتە گێڕانەوەی هەوڵەکانی خومەینی بۆ هاندانی خەڵکی دژی شا، لە نۆڤل لۆ شاتۆی پاریسەوە، تا دەگەڕێتەوە تاران و دەستەڵات دەگرێتە دەست. ڕادیۆی بی‌بی‌سیی لەندەنی، هەموو ئێواران پەیامەکانی خومەینی، لە پاریسەوە بۆ خەڵکی بڵاو دەکردەوە و ڕوشدی لە ڕۆمانەکەدا ناوی لە بی‌بی‌سی ناوە بیلالی حەبەشی، کە پەیامی ئیمامی لە نۆڤل لۆ شاتۆ ڕادەگەیاند. 

ئیدی دوای ئەوە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە لە ئێران قەدەغە کرا. زۆریشی نەبرد، خومەینی فتوا ناسراوەکەی دا، کە سەلمان ڕوشدی سووکایەتیی بە ئیسلام کردووە، بۆیە هەر کەسێک بیکوژێت، خەڵاتێکی گەورەی پێ دەدرێت و دەچێتە بەهەشتیش. جیهانی ئیسلامی و کاربەدەستان و ڕۆشنبیرانیشی، بێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە تێ گەیشتبن، لە ترسی کاردانەوەی خەڵک، پاڵپشتییان لەو فتوایە کرد و کتێبەکانیشیان قەدەغە کرد. 

بێگومان کاتێک کە بە شێنەیی کتێبی "ئایاتی شەیتانی" دەخوێنیتەوە، زوو تێ دەگەیت کە پتر دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و خودی خومەینییە نەک ئیسلام. هەر وەک نمونە؛ پێش ئەم ڕۆمانە و دوای ئەمەش، سەدان کتێب و بابەتی زۆر زەقتر، بە فارسی، عەرەبی و دەیان زمانی دی، لە دژی ئیسلام نووسراون و لەسەر هیچیشیان فتوا دەرنەکراوە.

کەواتە کاردانەوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و خودی خومەینییش بە فتواکەی، وەڵامدانەوەیەکی بێ هۆ نەبوو، بەڵام فریوخواردنی ملیۆنان موسڵمان، بێ هۆ و تەنیا لە تێنەگەیشتن و کاردانەوەی خێراوە سەرچاوەی گرتووە.

Report Page