🌕 ژن و کتێب و ژیان

🌕 ژن و کتێب و ژیان



✍ژاڵە سەفی‌یاری

بیرم دێت ئەو دەمانەی فێری نووسین دەبووم کتێبم وەک شتێکی ترسێنەر دەهاتە بەر چاو، دەترسام کە دەیگرمە دەستم بڵێی دوای چم لێ بێت، وتبوویان دەرس خوێندنت هێندەی ناوت بنووسی و لاپەڕەیەک واژۆ بکەی تەواوە، بەڵام مەگەر من بۆ ئەوە هان درابووم؟ مەگەر زەینی سەرشێتی من قەناعەتی بەوە دەکرد؟

زستانانی کوردستان بەو سەرمایە و تۆ لە ماڵێ کە ژوورێ بۆ خۆتت بە هەزار قڕە وەگیر کەوتبێت و هەرچەن تەنیا ئیزنت هەیە چرایەکی عەلادینی تێدا ڕۆشن بکەی، بەڵام بە دڵ بەو ژوورە شاگەشکەی و دەیڕازێنیتەوە بە کتێبی هەژار و هێمن و نەواری کاسێت و وە وە وە وە.....

لە بەر تین و گاز و چرای عەلادین تا بەیانی دەخوێنیتەوە، بەیانی دەرگەی ژوورەکەت کەیتەوە و هەست بکەی چەندە نامۆی بەو کەسەی دوێشەو لەگەڵی ژیابووی، پێویستە زیاتری بناسی.

چێژی ئەو شەوانەیە کە نابڕێتەوە لە ژیانت، دەبی بە هاوسەر، دەبی بە دایک، زیاترت پێویستە خۆت بناسی، هاوسەرت بناسی، منداڵت بناسی، ژیانت بناسی، کۆمەڵگە و نەتەوەت بناسی، ناسینی هەموو ئەمانە هاندەرێکی دەوێت کە هەر ئەو مێشکەیە کە تۆ لەبەر چرای عەلادینا ڕووناکیت پێ داوە، نەوەک حەتمەن چۆن تاکوو ئەو زانکۆیانەی لێت قەدەغە کرا...

ئێستە هەموو سووچێکی ماڵەکەت دەبێتە قوتابخانە، درەنگ دەنووی، زوو هەڵدەستی، بەردەوامی خۆت بناسی، خۆت خۆش دەوێ، کە هەست دەکەی دەبێت لە هەموو قووڵایییەکانی ڕوحت تێ بگەی و پەروەردە بیت و پەروەردە بکەیت، لە وەڵامی هەموو سڵامێک باوەش بۆ فێربوون دەکەیەوە، ژنبوون، دایکبوون، ئاوا هەوڵدان، فێربوون، پەروەدرە، ئەوینداربوون، هەمووی یانێ ژیان، ژیانێک پڕ لە چێژی زانست و خۆڕاگری و ڕێز و خۆشەویستی، ژیانێک پڕاوپڕی ئەو وێنەیە کە هەرچەندە سەیری دەکەم، بە خۆم نییە هەزار جاری بە قوربان دەبم...

ژیان بە تامی ژنانێک کە زانست بۆ گەورەبوون و مانەوەیان بە پێویست دەزانن، واتای قووڵی ئەو وێنەیەیە بۆ من، چەند بەختەوەرن ئەو منداڵانەی لە باوەشی ئەو دایکە پەروەردە دەکرێن و چەند حەساوەن ئەوانەی نانی ئەو دەستانە دەخۆن کە کتێب ڕادەمووسێ...



Report Page