🌕 ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی تاوانێکی لەبیرنەکراوی داگیرکەرە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان

🌕 ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی تاوانێکی لەبیرنەکراوی داگیرکەرە لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان




کوردستانییانی هێژا!


ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، بۆ خەڵکی کوردستان وەبیرهێنەرەوەی بیروەریەکی تاڵ و تاوانێکی گەورە و لەبیرنەکراوی ڕێژیمی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئێرانە کە خەڵکی کوردستانی کۆمەڵکوژ کرد.

وەک ئاگادارن، لە ناوڕاستی مانگی زستانی ساڵی ١٣۵٨ی هەتاوی، خومەینیی جەلاد و دارودەستەکەی کە درێژەدەری بنەماڵەی پەهلەوی بوون و دڕندەییی سیستەماتیکی ڕەزاخانی بە میرات وەرگرتبوو و تێکەڵاوی دڕەندەییی پەنگخواردووی ئایینیی خۆیانیان کردبوون، سواری شەپۆلی هەستی ئایینیی خەڵکانی پێڕەوی ئایینزای شیعە لە ناوچەکانی تری ئێران بوون و شەڕێکی داگیرکەرانەیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند. 

کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە نوێیە هێشتا بەتەواوەتی نەگیرسابوونەوە کە لە کوردستان دەستیان بە توندوتیژی کرد و شەڕی نەورۆزی خوێناوییان بەسەر شاری سنە و خەڵکی کوردستان سەپاند. وەک بڵێی بۆ خومەینیی جەلاد و دارودەستە تازە بەدەسەلاتگەیشتووەکەی ئاشکرابوو کە نەتەوەی کورد بە سانایی ملکەجی ئەوان نابن و لەسەر مافی خۆیان بێدەنگ نابن و لەسەر داوخوازییە ڕەواکانی خۆیان سوورترن.

دیارە ئەم کۆنەقینەی خومەینیی جەلاد و گرووپەکەی، کینەی کۆلۆنیالیستیی ئێرانییەکانە و لەمێژە لە سینگی هەموویاندا پەنگی خواردووەتەوە. ڕێژیمی نوێی ئەوکاتی داسەپاو بەسەر ئێراندا بە بیانووگەلێکی بێبنەما و بەتایبەت "نا"وتنی خەڵکی کوردستان بە ڕیفراندۆمە شانۆیییەکەی ئەو ڕێژیمە و ڕەتکردنەوەی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، ئەم کۆنەقینەی گەڵاڵە کرد و دەستپێکی هاتنەسەرکاریان هێرش بۆ سەر کوردستان و کۆمەڵکوژکردن و قەڵاچۆکردنی خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

لەو سەروبەندەدا، پاش مانگرتنی ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری سنە و هێرشی ڕێژیم بۆ سەر بنکە و بارەگای هێزە سێکولار و چەپەکان، هەروەها هێرشی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی خەڵکی شاری مەریوان بوو بە دەستپێکی تاوانگەلێکی گەورە لە کوردستاندا. 

پاش ئەوەش خومەینی و گرووپەکەی، کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکی مەریوانیان کردەوە بیانوو بۆ ئەوەی کە دیسان لەشکرکێشی بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە بکەن و بەم هۆیەشەوە مانگرتنی خەڵکی کامیارانی لێ کەوتەوە. خەڵکی کامیاران بەم هۆکارەوە دوو جار (سێ ڕوژە و پازدە ڕۆژە) لەسەر جادەی کرماشان ــ کامیاران ناڕەزایەتییان دەربڕی و خومەینییش جارێکی تر بیانووی دەست کەوتەوە بۆ ئەوەی کە هێرش بکاتەوە سەر خەڵکی کوردستان.

بەم هۆکارانە و گەلێکی هۆکاری تر کە خەڵکی کوردستان نادادپەروەری و سەرکوتیان پێ قەبووڵ نەئەکردا، لەسەر بڕیار و فتوایەکی خومەینیی جەلاد کە پێشتر ئامادەکاریی بۆ کردبوو و بە نامەی فەرمیی خۆی بۆ هەموو هێز و دامەزراوەکانی دەسەڵاتە نوێیەکەی ناردبوو، ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ ١٣۵٨ی هەتاوی، جیهادی ئێرانی داگیرکەر دژی خەڵکی کوردستان دەستی پێ کرد و وەک هەموو لایەک دەزانین، خومەینی، هێزە بەکرێگیراوەکانی بەر دا لە خەڵکی کوردستان کە نە ئەو هێزانە خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی کوردستان تەیار کردبوو و نە خودی خومەینییش چاوەڕوانیی ئەوەی دەکرد.

بەڵام مێژوو شایەت و ئاگادارە کە خەڵکی قارەمانی کوردستان چۆن بەرەنگاری هێزە داگیرکەرەکانی خومەینی بوونەوە و تەنانەت شارگەلێکیان لە دەستی داگیرکەران ڕزگار کرد. بۆیە لە بەرانبەر ئەم بەرنگارییەدا خومەینی و هێزەکانی، دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژیی خەڵکی کوردستان و دواتر هەر شارێکیان داگیر دەکردەوە، کومەڵێک خەڵکی مەدەنییان لە دادگایەکی سەربازیی زۆر کورتی چەند چرکەیدا دادگایی ئەکرد و بە تیرباران شەهیدیان ئەکردن.

دادگا چەند چرکەیییەکانی خەڵخاڵیی خوێنمژ لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستاندا گەلێک خەڵکی بێتاوانیان بە هۆکاری کوردبوون شەهید کرد، هەر بویە دڵسۆزانی نێشتمان لێیان وەدەست هاتن و لەماوەی سێ مانگدا هێزەکانی ئەو ڕێژیمەیان تێک شکاند و خومەینییان ناچار بەوە کرد کە تا ڕادەیەک پاشەکشە بکات.

هەر چەند فتواکەی خومەینیی جەلاد هەنووکەش بە شێوەگەلێکی جیاوازتر بەردەوامە و لە کوردستان ڕۆژانە جێبەجێ ئەکرێت، بەڵام خەڵکی کوردستان تاکوو ئێستەش هەر کۆڵیان نەداوە و داگیرکەریش دڵنیا ئەکەینەوە کە تا سەرکەوتنی نەتەوەکەمان و ڕزگاریی نیشتمانی داگیرکراومان و سەربەخۆییی کوردستانمان، کۆڵ نادەین و لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوام دەبین.


سڵاو لە شەهیدانی کوردستان.

بژی ئیرادەی سەربەخۆییخوازانەی خەڵکی کوردستان.

نەمان بۆ داگیرکەری کۆنەپەرەستی ئاخوندی لە کوردستان.


ناوەندی چوارباخ

٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی

Report Page