🌕 زمان ماڵی بوونە
مرۆڤ دەئاخڤێت، ئێمە لە بێداری و لە خەونیشدا دەئاخڤین، ئێمە هەمیشە دەئاخڤێین، تەنانەت ئەو ساتەشی کە هیچ وشەیەک دەرنابڕین و بەڵکوو تەنیا گوێ دەگرین و دەخوێنینەوە، بگرە تەنانەت ئەو ساتەشی کە نە گوێبیستی خۆمان دەبین و نەخۆشمان دەخوێنینەوە، لەبری ئەوە شوێن ئیشێک دەکەوین یان ئەرکێک ڕادەپەڕێنین، لەو ساتەشدا ئێمە هەر لە ئاخاڤتنداین.
ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوام لە ئاخاڤتنداین، ئێمە دەئاخڤین، لەبەر ئەوەی ئاخاڤتن بە لامانەوە شتێکی ئاسایییە، ئەوەش لە ویستی تایبەتی خۆمانەوە نایەتە دەرێ.
وتەیەکی باو هەیە دەڵێت؛ مرۆڤ لە سروشتەوە زمانی هەیە. ئەم پەندەش مەبەستی لەوەیە، مرۆڤ بە جیا لە ڕووەک و لە ئاژەڵ، زیندەوەرێکە توانای زمانی تێدایە. هەڵبەتە ئەم ڕستەیەش تەنیا مەبەستی لەوە نییە کەوا مرۆڤ لەپاڵ تواناکانی تریدا توانای قسەکردنیشی هەیە، بەڵکوو ئەم دێڕە دەخوازێت بڵێت؛ سەرەتا ئەوە زمانە مرۆڤ توانادار دەکات، دەیکاتە ئەو زیندەوەرەی کە وەکوو مرۆڤ بێت.
مرۆڤ تەنیا وەکوو ئاخێوەرێک بریتییە لە مرۆڤ، "ڤیلهێلم ڤۆن هومبۆلت" ئەوەی دەگووت. بەڵام هێندە هەیە دەبێت بزانرێت، ئەمە چییە پێی دەوترێت: مرۆڤ.
لەهەموو بارێکدا زمان سەر بە هاوسێیە نزیکەکەی مرۆڤ بوونە، ئێمە لە هەموو شوێنێکدا بەدیداری زمان دەگەین، لەبەر ئەوەیە شتێکی سەیر نییە کە مرۆڤ هەرکە بیری لەو شتانە کردەوە کە لەدەوری خۆیدا دەیبینێت، یەکەوڕاست بەر دیداری زمان دەکەوێت، لە پێناوی ئەو بیرکردنەوە هەوڵی ئەوە دەدات بزانێت بە شێوەیەکی گشتی زمان چییە.
شتە گشتییەکە کە بۆ هەموو شتێک دەست دەدات، ئەوەیە کە پێی دەوترێت بوونەوەر، زمان بریتییە لە زمان و هیچی تر، زمان خۆی قسە دەکات، ئێمە لەناو زماندا نیشتەجێین، زمان ماڵی بوونە.
تێبینی: بابەتەکە لە ئاڵمانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی