🌕 خوێندن بە زمانی كوردی، مەترسیی بۆ سەر ئێران هەیە؟

🌕 خوێندن بە زمانی كوردی، مەترسیی بۆ سەر ئێران هەیە؟



✍️: عەبدوڵڵا ڕەسووڵی

 

 پێشەكی

 ماوەیەک پێش ئێستا لە (بە ناو) پارلەمانی ڕێژیمی ئێران و كۆمیسیۆنی پەروەردە و لێكۆڵینەوەی ئەو پارلەمانە، پرۆژەیاسایەک لە هەمبەر خوێندن بە زمانی سەرجەم نەتەوەكانی چوارچێوەی وڵاتی ئێرانی سیاسیی هەنووکە لە قوتابخانە و شوێنە پەروەردەییەكان جارێکی تر سەرلەنوێ پەسەند كرایەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە هەرچەندە جۆرێک لە ڕاڤەی خۆویست و نائاوەزمەندانە لەبارەی بەندی 15ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێرانە و بە تەواوەتی ناتوانێت وڵامدەری ویستە زمانی و كولتوورییەكانی نەتەوەكانی چوارچێوەی وڵاتی ئێران بێت و هەروەهاش بە هیچ شێوەیەک نەگەڕاونەتەوە بۆ نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی ئەو وڵاتە، بەڵام دەبینین كەسێک بە ناوی "ئەحمەدی نادری"، جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی پەروەردە و لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی ڕێژیمی ئێران، خوێندن بە زمانی نەتەوەكانی تری چوارچێوەی وڵاتی ئێران هاوکات لەگەڵ زمانی ئێتنیکی فارسدا بە پێچەوانەی ئاسایشی نەتەوەییی ئەو وڵاتە کە لەڕاستیدا ئاسایشی نەتەوەییی ڕێژیمە دەزانێت.

 

سەپاندنی زمانی فارسی، دەبەنگییە

لەسەر قسەکانی "ئەحمەد نادری" وتووێژێكی لەگەڵ ناوەندی هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای تیرۆریستیی پاسداران کردووە و لەو وتووێژەدا كۆمەڵێک قسەی كردووە کە بەشێک لە قسەکانی بە تەواوەتی بە دژی ئەو بەشەکەی تری قسەکانییەتی. لە بەشێکی قسەكانیدا جیا لەوەی کە دژایەتیی ئەم پرۆژەیاسایەی کردوە، بە ڕاشكاوانە وتوویەتی؛ زمانی فارسی زمانی هەموو ئێرانییەكانە و لە ئێراندا ئێتنیكێک بە ناوی فارس نییە. ئەم ڕستەیە ماوەیەكە لە سەر زاری كۆمەڵێک كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی حكومەتیی ڕێژیمی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە دەبیسرێت، بەڵام ڕوون و ئاشكرایە کە ئەو كەسەی ئەگەر خۆی نەدات لە جۆرێک دەبەنگیی زانستی و زمانی، باش دەزانێت هەتا كۆمەڵێک خەڵک نەبن کە بە زمانێک قسە بكەن، هیچ زمانێک بوونی نییە و بوونی نابێت. واتە زمانی فارسی پێش ئەوەی کە لە ئێران بەكار ببرێت، زمانی ئێتنیكی فارسە و ئەوانەش كە ڕەتی دەكەنەوە و پییان وایە كە ئێتنیكێک بە ناوی فارس نییە، لەڕاستیدا تووشی جۆرێک فاشیزمی شوناسی یا بێشوناسی بوون، واتە ئەگەر لە گۆشەنیگایەكی دیكەوە سەیری بابەتەكە بكەین، بۆ ئازەری و كورد و عەرەب و بەلووچ و پێکهاتەکانی تری چوارچێوەی وڵاتی ئێرانی سیاسیی هەنووکە جێگای شانازییە هەتا ئێستا شوناسی خۆیان پاراستووە، بەڵام ئەوەی کە نابێت شانازی بكات، فارسەكانن كە شوناسی خۆیان نازانن یان ئێنكاری شوناسی ڕاستەقینەی خۆیان دەكەن.

 ئەحمەدی نادری، لە بەشێكی تری وتووێژەکەیدا پەروەردە بە زمانی نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی ولاتی ئێرانی سیاسی بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەییی ڕێژیم دەزانێت! ئەم وتەیە لە گۆشەنیگای "ئەحمەدی نادری" و هاوبیرەكانییەوە ڕاستە، لەبەر ئەوەی کە ئاسایشی نەتەوەییی ئێران و ئەوەی ئێستا دەسەڵاتداری ئێرانە، لە سەر بنەمای ئێنكار و ڕەتكردنەوەی هەموو جۆرە ماف و جیاوازییەکان بنیات نراوە، بەو واتایە کە ئەوان كاتێک دەتوانن پەرە بە شوناسی فارسی بدەن و چوارچێوەی ئاسایشی خۆیان بپارێزن، كە ڕێگە نەدەن زمانی نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی وڵاتی ئێرانی سیاسی بەكار بهێنرێت یان ببێتە بەشێک لە سیستەمی پەروەردە. ئەم جۆرە تێڕوانینە كە هەبوونی هەر جۆرە مافێک بە نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی ئێران بە ئەمنییەتی دەكات، لەڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دان بە بوونی جیاوازییەکان و مافی نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی وڵاتی ئێرانی سیاسیی هەنووکەدا بنێت. ئەمەش لە كاتێکدایە کە لە ئاستی جیهاندا و بەپێی کۆنڤانسیۆن و بەڵگە نێونەتوەیییەکانی مافی مرۆڤ و هەموو جاڕنامەكانی دیكەی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤەوە، خوێندن و پەروەردەکردن بە زمانی هەر نەتەوەیەک هیچ کێشەیەکی نییە و مافی بنەڕەتیی ئەو نەتەوەیە و سەپاندنی هەر زمانێکی تر بە سەریدا بە واتای هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئەو نەتەوەیە.

 باسێكی دیكە كە لە سەر زاری "ئەحمەدی نادری" لە وتووێژەکەدا خراوەتە ڕوو، سروشتی‌بوونی دۆخی ئێرانە و باسكردنە لەوەی کە هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ خوێندن بە زمانی نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی وڵاتی ئێران تێكدانی ئەو حاڵەتە سروشتییەیە، لێرەدا پێویستە بڵێم ئەگەر وشەی سروشتی، زاری بواتا ئێستا پڕ بە قورگی لە دژی ئەو كەڵکاژۆ وەرگرتنە هاواری دەكرد و ئەیوت ناسروشتی بە سروشتی مەكەن. ئەو دۆخەی ئێستا لە ئێراندا زاڵە، دۆخێكی تەواو ناسروشتییە، لەبەر ئەوەی کە هیچ یەک لە جیاوازییە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەکانی نەتەوەكانی تری چوارچێوەی وڵاتی ئێران لەبەرچاو نەگیراوە بەو واتایەی کە لە پێناسەكردنی ئێراندا هیچ پێگەیەكیان نییە، واتە سڕینەوەی مافە كولتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی نەتەوەكانی دیكە بووەتە حاڵەتێک كە ئێتنیكی فارس خۆی بە باڵادەست بزانێت و ئەو دۆخەی كە دروستی كردووە بە سروشتی بزانێت. 

لەڕاستیدا دیوێكی تری ئەو وتەیەش ڕاستییەكی تێدایە کە ئەویش ئەمەیە كە كاتێک نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی وڵاتی ئێران سیاسییی هەنووکە بە هەر شێوەیەک بتوانن كەڵک لە بەشێک لە مافەكانی خۆیان وەربگرن، ئەو بەشە جۆرێک شڵەژاندنی ئەو دۆخە ناسروشتییەیە كە فارس بە سەر ئێراندا سەپاندوویەتی و گەڕاندنەوەی ئەوانە بۆ پێگەی سروشتیی خۆیان.

 ئەم جۆرە تێڕوانیانە و چەندین تێڕوانینی دیكە سەرچاوە لەو پێناسەیەوە وەردەگرێت كە فارسەكان و بە ناو ڕۆشنبیرانی فارس سەبارەت بە شوناسی ئێرانی پێشكەشیان كردووە و نەک باوەڕ، بەڵكوو وەک بە قەوڵی خۆیان ئێمانیشیان پێ هێناوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم تیشكێک بخەمە سەر پێكهاتەی شوناسی ئێرانی و ئاوڕێكیش لە پێشكەشكردنی ئەم جۆرە پیناسانە لەبارەی شوناسی ئێرانییەوە بدەمەوە.

 

شوناسی دەستکردی ئێرانی

هەر لەم ڕاستایەدا بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەرچاوانەی كە شوناسی ئێرانی پێناسە دەكەن، هەڵبەتە ئەو سەرچاوانەی كە لەژێر دەسەڵاتی خودی ڕێژیمی ئیسلامی و لەلایەن نووسەرانی فاشیستی ئێرانییەوە نووسراون، شوناسی ئێرانی لەسەر سێ بنەما پێناسە دەكەن، یەكەم مێژوو، دووهەم زمان و سێهەم ئایینزای ئیسلامیی شیعە. هەر یەکێک لەم سێ ستوونە بەستراونەتەوە بە قۆناغێک یان ڕەهەندێكی كۆمەڵایەتییەوە، كاتێک دەسەڵاتداران و بە ناو ڕۆشنبیرانی ئێرانیی فارسی باس لە مێژوو دەكەن پەنا دەبنە بەر ئێرانی كۆن، ئێرانێک كە لە ئەفغانستانەوە تاکوو دوایین شوێنی كوردستان پێناسەی دەكەن، بەو واتایەی کە سنووری شارستانی (نەک بە واتای شارستانی ئێرانی، بەڵكوو بە واتای هەموو ئەوانەی کە هاوشێوەیان لەگەڵ شارستانی ئێرانیدا هەیە) دەكەنە بنەمایەک بۆ ئەو ئێتنیکەی کە بە ناو نەتەوەی خۆیان پێماسەی دەکەن. ئەمەش حاڵەتێكە كە جیا لە وڵاتانی فاشیستی لە هیچ شوێنێكی جیهاندا باس ناكرێت، لەبەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک شارستانییەت ناتوانێت بنەمایەک بۆ پێناسەكردنی نەتەوە بێت. خۆ ئەگەری هەیە چەندین نەتەوە لە پیێكهێنانی شارستانیەتێكدا ڕۆڵیان هەبێت، كە ئەمە خۆی لەبارەی شارستانییەتی ئیسلامیدا بە تەواوەتی دیارە. لە قۆناغێكدا كە شارستانییەتی ئیسلامی لە گەشەدا بوو، ئەوان لە هیندەوە هەتا ئێسپانیا ڕۆڵیان لەو شارستانییەتەدا هەبوو، ئایا دەكرێت هەموو ئەو نەتەوانە لە چوارچێوەیەكدا پێناسە بكەین و بڵێن نەتەوەی ئیسلامی؟

وڵامی ئەم پرسیارە سەبارەت بە شارستانییەتی ئێرانی لە هەمبەر پێناسەكردنی نەتەوەی ئێرانیش دروستە، بۆیە لێرەوەیە کە دەبینین فارسەكان بە چ شێوەیەک هەوڵ دەدەن شارستانییەت بكەنە بنەمایەک بۆ پێناسەی نەتەوەی دەستكردی ئێرانی و لە ئاکامدا بۆ پاراستنی شۆڤینیزم و فاشیزمی فارسە لە ئێراندا و سڕینەوەی نەتەوەكانی دیكە. جیا لەوەش ئێمە سەبارەت بە خودی چەمكی ئێرانیش دوو قۆناغمان هەیە، یەكەم ئێرانی پێش شۆڕشی مەشرووتە كە ویلایەتە یەخسیر و قەتیسکراوەکان بوو و ئێرانی دەوڵەت نەتەوەی دوای شۆڕشی مەشرووتە كە دەبێتە دەوڵەت نەتەوەی ئێران بە باڵادەستی شوڤینیزمی فارسی و سڕینەوەی ئەوانیتر، هەتا دوای شۆڕشی مەشرووتە شوناسێک بە مانای ئێران نییە.

 سەبارەت بە زمانی فارسی كە بە ستوون و کۆڵەکەی دووهەمی شوناسی ئێرانی باسی دەكەن، پێش لە شیكردنەوە پێویستە بڵێم كام زمانی دنیا هەیە كە بە خۆبەستنەوە بە زمانێكی دیكە بیهەوێت خۆی بە زمانێکی سەربەخۆ پێناسە بكات، بەو واتایەی کە لەلای هەموو ئەو كەسانەی كە شارەزایی باشیان لە زمانی فارسیدا هەیە ڕوونە، ئەگەر زمانی فارسی وشەكانی زمانی عەرەبی كە زیاتر لە سەدا شەستی پێک دێهنن وەرنەگرێت، ئەوە زۆر كۆڵەوارتر لەوەیە کە بتوانێت گەشەی كردبا. بۆ نموونە و بەڵگەش بگەڕێنەوە بۆ زمانی فارسی لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران و ئەو وتارەی ئاخوندزادە سەبارەت بە زمانی فارسی و تواناییەكانی نووسیویەتی. لە ئێستا و دوای چەندین دەیەش، دەبینین کە زمانی فارسی گەیشتووەتە قۆناغێک كە زۆر كەس بە دیالکتێكی زمانی عەرەبی ناوی دەهێنن، جیا لەوەش كە لە ئێستادا لە بواری گەشەكردنی زمانی و زمانەوانییەوە لە بۆنبەستدایە، ئەمەش پێوەندیی بەوەوە هەیە كە زمانێكی دەستكرد و هیچ بنەمایەکی زمانیی سەربەخۆی نییە، بەڵام ئایا دەكرێت ئەم زمانە كە هەتا ئاستی شیوەزار و دیالکتێکی عەرەبی دابەزیوە، لەگەڵ زمانی كوردی بەو دەوڵەمەندییە بەرفراوانەوە بەراورد بكرێت و ڕێگە لەوە بگرێت کە بە زمانی کوردی بخوێندرێت و بۆ مانەوەی ئەو زمانە بە زمانی كوردی نەخوێندرێت.

 سەبارەت بە ئایینزای شیعە لە شوناسی ئێرانیش كە زۆرتر ڕەهەندی سیاسیی ئەمڕۆی ئەو شوناسەیە و بەشێک لە ئایینزاكانی دیكە دەخاتە دەرەوەی خۆی و مافیان پێشێل دەكات، نامەوێت قسە بكەم.

 

 ئەنجام:

 لە تێكڕای ئەو دوو بەشەی بابەتەكە كە پێشكەش كرا، بە كورتی هەوڵم دا ڕوونی بكەمەوە کە ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین كەسێک وەكوو ئەحمەد نادری خوێندن بە زمانی نەتەوەكانی دیكەی چوارچێوەی وڵاتی ئێرانی سیاسیی هەنووکە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئێران دەزانێت، لە كوێیەوە سەرچاوەی گرتووە، جیا لەوەش باسێكی كورتیش لەسەر وێنە گەورەكەی مەترسی لەسەر بوونی ئێمە و چۆنیەتیی تواندنەوەی نەتەوەی كورد لە ئێرانیبووندا بە واتای فارسبوونەكە بخەمە ڕوو، ئەگەر یەكەمیان ئەركی سیاسییەكان و ڕۆژنەمانەنووسان بوو بەپەلە وەڵامی بدەنەوە، بەڵام دووهەمیان ئەركی نووسەران و ڕۆشنبیران و ئاكادێمیستەكانی كوردە كە لە بواری هزری و فكرییەوە بە تەواوەتی ئێرانیبوون بەو واتایەی کە پێناسە كراوە هەڵوەشێننەوە و زیاتر جەخت لەسەر شوناسی نەتەوەییی گەلی كوردی بكەنەوە و بە تەواوەتی پشت لە ئێرانیبوونی دەستكرد بكەن.

 جیا لەوەش پێویستە بە تێكڕا و بە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردییەوە هەوڵەكانمان چڕ بكەینەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە نەک خوێندنی زمانی كوردی، بەڵكوو خوێندن بە زمانی كوردی مافی سروشتیی ئێمەیە و پێویستە ئەو مافە دەستەبەر بكرێت.


Report Page