🌕 تیمی تۆپی پێی داڵکورد گەیشتە خولی نایابی وڵاتی سوید

🌕 تیمی تۆپی پێی داڵکورد گەیشتە خولی نایابی وڵاتی سوید



تیمی تۆپی پێی داڵکورد لە دواهەمین یاریی خۆیدا لە یارییەکانی ئەمساڵی وڵاتی سوئید، سەرکەوتنی بەدەست هێنا و قۆناغێکی تری تێپەڕاند و گەیشتە خولی نایابی سوید.

تیمی تۆپی پێی داڵکورد، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، لە یارییەکانی یەکلاکەرەوەی گەیشتن بە خولی نایابی وڵاتی سوید کە بە “سوپێرتان” بەناوبانگە، لە بەرانبەر تیمی “گایس”دا بە گۆڵێک زیاتر سەرکەوتنی بەدەست هێنا و قۆناغێکی تر لە یارییەکانی وڵاتی سویدی تێپەڕاند و گەیشتە خولی نایابی ئەو وڵاتە.

پاش ئەوەی کە پێشتر لە یارییەکی نێوان تیمەکانی داڵکورد و گایسدا لە یاریگای داڵکورد، تیمی داڵکورد یارییەکەی سفر بە دوو دۆڕاندبوو، لە یارییەکەی ڕۆژی یەکشەممە کە دواهەمین یاریی نێوان ئەو دوو تیمە و یارییەکانی گەیشتن بە خولی نایابی وڵاتی سوید بوو، بە دوو گوڵی داڵکورد لە بەرانبەر گوڵێکی تیمی گایس لە یاریگەی تیمی گایس، یارییەکە کۆتایی پێ هات و لە ئاکامی ئەو دوو یارییەی نێوان ئەو دووو تیمەدا، تیمی داڵکورد گوڵێک کەوتە پێش و گەیشتە خولی نایابی سوید کە بە خولی سوپێرتان بەناوبانگە.

تیمی داڵکورد لەم وەرزەی یارییەکانی پێش خولی نایابی سوید کە بە خولی “ئێرتان نۆرا” بەناوبانگە، بە کۆکردنەوەی ٦٢ خاڵ پلەی دووهەمی کۆمەڵەکەی بەدەست هێنا و لە کۆی ٣٣ یاری، ١٩ یاریی بردەوە و ٤ یاریشی دۆڕاندووە، هەر لەم وەرزەدا ٦٩ گۆڵیان کردووە و ٤٢ گۆڵیشیان لێ کراوە.

ئەم سەرکەوتنەی تیمی تۆپی پێی داڵکورد، جیا لەوەی کە بەکارهێنەرانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆشحاڵییەکی زۆریان دەربڕیوە، لە میدیا و بەتایبەت ڕۆژنامەکانی وڵاتی سوید و جیهانیشدا وەکوو تیمێکی کوردی، دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبووە و بەم بۆنەشەوە ئەنجومەنی وەرزشکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات کە تاکە ڕێکخراوی تایبەت بە وەرزشکارانی کوردە لە هەموو جیهاندا، پیرۆزبایی لە تیمی داڵکورد کردووە.

تیمی داڵکورد ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی بەرانبەر بە ٢٧٠٤ی کوردی، لەلایەن کۆمەڵیک لە پەنابەرانی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانەوە لە وڵاتی سوید دامەزراوە کە ئێستا نوێنەرایەتیی هەموو کورد و کوردستان دەکات، داڵکورد لەسەر ئاستی میدیاکانی جیهاندا بە تیمی کوردەکان ناسراوە و هەنووکەش هەم لە وڵاتی سوئید و هەم لە هەرێمی کوردستاندا بە شیوەی فەرمی ئاکادیمیای تۆپی پێی بۆ ڕاهێنان و بارهێنانی لاوانی تامەزرۆی تۆپی پێی هەیە.

ناوەندی چوارباخ، وێڕای پیرۆزباییی ئەو سەرکەوتنە بە تیمی داڵکورد و هەموو گەلی کورد و بەتایبەت هاندەران و لایەنگرانی داڵکورد، ئەو سەرکەوتنە بە دەستکەوتێکی گرنگ و پڕبایەخ بۆ گەلی کورد و بەتایبەت لاوانی کورد ئەزانێت.

Report Page